سەردێڕ:

پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرکردنی جۆرە تی شێرتێک قەدەغە دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-02

9223 جار خوێندراوەتەوە

لە ئیسپانیا پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرکردنی جۆرە تی شێرتێک کە ناونراوە "تی شێرتی دژە غەرامە" قەدەغە دەکات.

لە زۆربەی شارەکانی دونیادا شۆفێران چەندین فێڵ بەکاردەهێنن بۆ لادان لە یاساکانی هاتووچۆ و خۆدزینەوە لە سزاکانی سەرپێچیکردنی هاتووچۆ، بەشێکی شۆفێران بەردەوامن لە سەرپێچییەکان.

لە چەند ساڵی ڕابردووشدا پاش زیادبوونی کامێراکانی چاودێریی هاتووچۆ، هێشتا شۆفێران بەردەوامن لە سەرپێچی، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی شۆفێران لە ڕێگای مۆبایلەکانیانەوە یەکتری ئاگاداردەکەنەوە دەربارەی هەبوونی کامێرای چاودێری لەسەر شەقامەکان و ناو و شوێنی شەقامەکان بەیەکتر دەڵێن.

لە ئیسپانیا جیاوازتر لە وڵاتانی دونیا پۆلیسی هاتووچۆ لە ڕێگای پێگەی فەرمیی خۆیانەوە لە تویتەر هۆشدارییان دایە شۆفێران، جۆرە تی شێرتێک لەبەرنەکەن لەکاتی شۆفێریدا، کە بە ناوی "تی شێرتی دژە غەرامە" ناویدەبەن.

ئەم تی شێرتە ڕەنگی سپییە و وێنەی هاوشێوەی "پشتێنی سەلامەتی" لەسەر نەخشێنراوە، کە وا دەریدەخات شۆفێرەکە پشتێنی سەلامەتیی بەستبێت.

بەشێک لە شۆفێران کە نایانەوێت خۆیان ببەستنەوە ئەو تی شێرتە لەبەردەکەن وەک فێڵێک، بەڵام پۆلیسی ئیسپانیا هۆشداریی داوە بە شۆفێران کە هەر کەسێک بیەوێت پۆلیس بخەڵەتێنێت بەو تی شێرتەوە، لەوانەیە لە سزاکانی هاتووچۆ ڕزگاریان بکات، بەڵام  ناتوانێت ژیانیان ڕزگار بکات.

هەروەها لە هۆشدارییەکەشدا پۆلیسی هاتووچۆ وتووشیەتی، "ئەگەر دەتانەوێت گەشتێکی پارێزراو بکەن، لەم یاسایە لامەدەن، ئەویش بریتییە لە (سەرپێچیکردن لە پێشتەوەیە، بەڵام... ئایا ژیانت ڕزگاردەکات ئەگەر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوویت؟ پشتێنی سەلامەتی ژیانی زۆر کەسی ڕزگارکردووە!)".

 

H.A