سەردێڕ:

​ ​نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پشتیوانیکردنی ڕۆژنامەنووسان دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-02

423 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد، هەموو لایەک پشتیوانى لە ڕۆژنامەنووسان بکەن و ڕێگە نەدرێت دەستدرێژى بکرێتە سەریان.

ئەمڕۆ ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ئەنتۆنیۆ گۆتەرێز سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیى سزادانى دەستدرێژیکارانى سەر ڕۆژنامەنووسان وتەیەکى پێشکەشکرد و، تیایدا داوای لە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتانە کرد کە کارى ڕۆژنامەوانى تیایاندا جێگەى مەترسییە، هاوکاری ڕۆژنامەنووسان بن و ڕێگە نەدرێت ژیانى رۆژنامەنووسان بەهۆى کارەکەیانەوە بکەوێتە مەترسییەوە.

گۆتەرێز وتیشى، بۆ پێشخستنى پرۆسەى دیموکراسى لەو وڵاتانە پێویستیان بە ڕۆژنامەنووسانى ئازا و ڕاستگۆیە بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان و گواستنەوەى ڕووداوەکان وەک خۆى.

هەروەک ڕاشیگەیاند، لەم ساڵانەى دواییدا و بەهۆى شەڕ و ململانێ سیاسییەکانەوە ژمارەى کوژراوان لە ڕیزى ڕۆژنامەنووسان ڕووى لە زیادبوون کردووە،  بەتایبەتى ژنانى ڕۆژنامەنووس جگە لە مەترسى بۆسەر ژیانیان، ڕووبەڕووى دەستدرێژیی سێکسیش دەبنەوە.

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، "کاتێک ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج، کۆمەڵگا باجى ئەو بێدەنگکردنەى میدیاکاران دەدات، بۆیە ئێمە ئەگەر تواناى پاراستنیشیانمان نەبێت لانیکەم دەزانین ئەوان لە چ بارودۆخێکدان".

 ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا  ڕۆژنامەنوسان  لە هەرێمى کوردستان  ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئازادانە دەستیان لە زانیارییەکان ناگات و مەترسی لە ژیانیان هەیە و  چەندین ڕۆژنامەنوسیش لە ساڵانی ڕابردوو  لە سەر کارەکەیان کوژراون.

I.M