سەردێڕ:

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: پابەندين بە نەخشەرێگاى سیستانی بۆ چارەسەری دۆخەکە

فۆتۆ: 
2019-11-02

1846 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پابەندی ئەو نەخشەرێگایە دەبن کە عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای وڵاتەکە رایگەیاندووە.

محەمەد حەلبوسی لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەشکردووە، پەرلەمان لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا دەبێت بۆ خێراتر جێبەجێکردنی نەخشەرێگاکەی مەرجەعیەت ، بۆ ئەوەى چاکسازی بگاتە ئەنجام.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەیدا سەرۆکی پەرلەمان جەختی لە پێویستی هەمواری دەستوری هەمیشەیی عێراق کردۆتەوە بە بەشداری نوێنەرانی خۆپیشاندەران، دەستەبژێر، کەسانی شارەزا و ئەکادیمی کە لە ناو واقعی عێراقدا دەژین و بە وردی ئاگاداری کەموکوڕی و کەلێنەکانن.

حەلبوسی جەختی جەختیشی لەوەکردۆتەوە، کە پەرلەمان بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام و بە بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەری گوشاری دەرەکی و بە بێ ئەوەی رێگە بە سەپاندنی ئیرادەی کەسی و حزبی بدات، کار بۆ بەجێگەیاندنی داواکاریەکانی هاوڵاتیان دەکات.

ئەم پەیامەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامێکدا لە بارەی خۆپیشاندانەکان لە چەند خاڵێکدا پێشنیازەکانی بۆ دەرچوون لەو قەیرانە و کۆتاییهاتن بە توندوتیژی و جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران خستبوەڕوو.