سەردێڕ:

بۆیەکەمجار دواى ٢٠١٣ وە شاندى حکومەتى سوریا سەردانى بەنداوى فوراتى کرد

فۆتۆ: 
2019-11-02

2697 جار خوێندراوەتەوە

بۆیەکەمجار دواى حەوت ساڵ شاندى حکومەتى سوریا سەردانى دامەزراوەکانى بەنداوى فوراتى لە رەققە کرد.

سەرۆکایەتى حکومەتى سوریا بڵاویکردەوە، دوێنێ هەینى ١ى تشرینى دووەم حسێن عەرنوس وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانى پارێزگاى رەققە بۆ یەکەمجار لە دواى ٢٠١٣وە دامەزراوەکانى بەنداوى فوراتیان بەسەرکردەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، چوار یەکەى بەرهەمهێنانى کارەبا کار دەکەن لە کۆى هەشت یەکە، لەگەڵ ئەوەشدا زیانى زۆر بە دامەزراوەکانى بەنداوەکە کەوتووە.

سەرۆکایەتى حکومەت رونیکردۆتەوە کە شاندەکە زیانەکانى بەنداوەکەیان خەمڵاندووە و دوپاتیان کردۆتەوە، لەسەرەتاى ساڵى داهاتووەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەى دەکەن.

 بەنداوى فورات یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە ئابورییەکانى سوریا و بەشى زۆرى بەرهەمهێنانى وزەى کارەباى سوریا دابین دەکات و لە ساڵى ٢٠١٣ وە ئەو بەنداوە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى سوریا نەما و کەوتە دەستى گروپە چەکدارییەکان و دواتر لە ساڵى ٢٠١٤ کەوتە ژێر دەسەڵاتى رێکخراوى داعش.

Image may contain: 3 people, people sitting

بەنداوى فورات چەند جارێک هەڕەشەى داڕوخانى لەسەربووە و هۆشداریش درابووە دانیشتوانى نزیک لە بەنداوەکە، تا ساڵى ٢٠١٧ کە هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە کۆنترۆڵى پارێزگاکەیان کرد.

Image may contain: 3 people, people standing

بەنداوى فورات لە ساڵى ١٩٦٨ لە لایەن یەکێتى سۆڤییەتى پێشووە و دروستکراو و لە ساڵى ١٩٧٣ بەفەرمى تەواوبوونى بەنداوەکە راگەینرا.

Image may contain: 4 people, outdoor