سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانى عێراق هەفتەیەکى تێپەڕاند و توندوتیژییەکانیش بەردەوامن

فۆتۆ: 
2019-11-01

1516 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامن سەرەڕاى داواکارى خۆپیشاندەران و بەشێک لە هێزە سیاسیەکان بۆ دەستەکارکێشانەوى حکومەت، ئێرانیش بەتوندى دژى ئەم هەنگاوە وەستاوەتەوە.

لە شارى بەغدا  خۆپیشاندەران زۆر مەبەستیانە بچنە بەردەم ناوچەی سەوز و بۆ ئەمەش، لە هەوڵدان پردی جمهورى تێپەڕێنن و هێزە ئەمنییەکانیش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

لای خۆشیانەوە دەستەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند ئەگەر ئەو دوو خاڵەی کە پێشتر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاندبوو، کە بریتی بوون لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەنجام بدرێن، ئەوا خۆپیشاندان دەوەستێنن و دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دوو خاڵی دیکەیان کە بریتین لە هەموارکردنەوەی دەستوور و گۆڕانکاریی لە

سیستمی حکومڕانی لە عێراق.

وێراى بریندار بوونى ژمارەیەکى زۆر سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی بەغداد رایگەیاند، پاش وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی خراپی تەندروستييانەوە چوار خۆپیشاندەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغداد گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکى دیکەوە رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى داواى لەحکومەتى عێراق کرد کە بەکارهێنانى دوو جۆرى بۆمبى فرمێسکێژ رابگرێت، کە کێشیان ١٠ هێندەى بۆمبى فرمێسکرێژى ئاساییە، چونکە دەبنەهۆى کوشتنى خۆپیشاندەران نەک بڵاوەپێکردنیان.

ناڕەزایی و مانگرتنى بەشێک لە هاوڵاتیانى شارەکانى بەسرە، میسان، نەجەف، کەربەلا، دیوانیە وچەند شارێکى تر بەردەوامە. لە شارى دیوانەش خۆپیشاندەران رەتیانکردەوە بکەونە ژیر کاریگەرى حزبەسیاسەکان و لە داواکانیان بکشێنەوە، هەروەها داواى دورخستنەوەى هەموو چینی دەسەڵاتداریان کرد بە بێ جیاوازی.

هاوکات لە وتاری هەینی لە شاری کەربەلا هەڵوێستى عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕاگەیەندرا، کە تیایداجەختدەکاتەوە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە دژی بەکارهێنانی توندوتیژیە بەرامبەر خۆپیشاندەران. پێشیوایە کە بەردەوامی ئەو خوێنڕشتنە ببێتە هۆی گرژی و توندوتیژی و شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆ.

سیستانی داواشى لەهەموو لایەک کرد راستگۆیانە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و بیرکردنەوە لە داهاتووی عێراق، لە راستەوە بۆ چەپ و لە باکورەوە بۆ باشور.

هەروەها داواى لێپرسینەوەشى کرد لەوانەی کە توندوتیژیان بەکارهێناوە دژ بە خۆپیشاندەران.

لە پەیامەکەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ئەوەش هاتووە، کە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی وڵات مافی خەڵکە، کە لە رێی راپرسی لەسەر دەستورەوە دەبێت. لە وتارەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر چەند لایەنێکی دیاریکراو کە بە هیچ شێوەیەک هێزی شەڕکەر نەخەنە سەر شەقام بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا.

سیستانی هۆشدارى ئەوەىشیداوە کە بۆ هیچ هێز و لایەنێکی ناوخۆیی و هەرێمی و دەرەکی نیە خۆی بکاتە خاوەنی ئەم ناڕەزاییەتیانە و دەستبگرێت بەسەر ماف و داوکارییەکانی خەڵکدا.

سەرباری ئەو داوایەش لەسەرئاستى ناوچەکە ئێران هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به‌ عادل عه‌بدولمهدی راگه‌یاندووە و  لەگەڵ ئەوەدا نییە دەستلەکاربکێشێتەوە.

 بە پێی چەند سەرچاوەیەکى عێراقی کە بە  ڕۆیتەرزیان وتووە، ئێران لە رێگەى قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ى سوپاى قودس لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی ڕاگەیاندووە، کە لەگەڵ مانەوەى عادل عەبدولمەهدییە و نایەوێت لە ئێستادا دەستلەکاربکێشێتەوە.

له‌و كۆبونه‌وه‌یەشدا قاسم سلێمانى به‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تحى راگه‌یاندووه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام بن له‌پاڵپشتى عادل عه‌بدولمه‌هدى.

لە لایەکی ترەوە و لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى حکومەت بۆجێبەجێکردنى داواکاریەکانى خۆپیشاندەران بەتایبەت  لەبوارى دامەزراندندا، وەزارەتى بەرگرى عێراق رایگەیاند ٣٩ هەزار و ٤٠٠ لەو کەسانەى پێشترسەر بەوەزارەتەکەیان بوون وگرێبەستەکانیان هەڵوەشینرابوونەوە گەرێنراونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

 لە بوارى لێپێچینەوە لە گەندەڵکارانیش،دەستەى نەزاهەی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی ٦٠ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چەندین بەرپرسی حکومی وبەرپرسانى تردەرکرد کە تێیدا وەزیرێکی ئێستا و دوو وەزیری پێشوو و پێنج پەرلەمانتار و

٣٨ ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگاکان و دوو سەرۆکى ئەنجومەن  و یەک پارێزگارهەن.