سەردێڕ:

ڕۆڵی قاسم سولەیمانی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-11-01

15534 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکان ئاشکرایدەکەن، رۆژێک لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای کردووە بۆ رێگریکردنی لە دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی.

پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕایانگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە قاسم سولەیمانی لەگەڵ هادی عامری و سەرکردەکانی حەشدی شەعبیدا کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون لە پشتیوانییەکانیان بۆ عادل عەبدولمەهدی بەردەوام بن.

لەلایەکی دیکەوە ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی بڵاویکردووەتەوە، قاسم سولەیمانی درەنگانێکی شەو گەیشتووەتە ناوچەی سەوز و لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراقدا کۆبووەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا قاسم سولەیمانی نیگەرانی تارانی لەبارەی خۆپیشاندانەکان گەیاندووەتە بەرپرسانی عراقی و پێی ڕاگەیاندوون "ئێمە لە ئێران دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بکەین" وتوشیەتی "هەمان شت لە ئێران ڕوویداوە و دۆخەکەمان کۆنتڕۆڵکردووە".

ئاژانسەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، رۆژێک لەدوای سەردانەکەی سولەیمانی پێکدادانی زیاتر لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی عێراق روویداوە و ژمارەی کوژراو و برینداران بەرزبووەتەوە.