سەردێڕ:

سێ کەس دیاریکراون وەک جێگرەوەى سەرۆک وەزیرانى ئێستاى عێراق

فۆتۆ: 
2019-10-31

6986 جار خوێندراوەتەوە

چەند ڕۆژێکە سەرۆک کۆمارى عێراق و بەشێک لە فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەمانى عێراق ناوى سێ کەس تاوتوێ دەکەن بۆ جێگرەوەى عادل عەبدولمەهدى.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، چەند ڕۆژێکە سەرۆک کۆمارى عێراق لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەدایە دەربارەى دیاریکردنى کەسێک بۆ جێگرەوەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى ئێستاى عێراق.

سەرچاوەیەکى تایبەت بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، لە ئێستادا چەند ناوێک هەن بۆ جێگرەوەى عادل عەبدولمەهدى کە ئەوانیش بریتین لە عەلى شوکرى ڕاوێژکارى سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق و محەمەد شیاع سودانى وەزیرى پێشووى بازرگانى و پەرلەمانتارى ئێستاى عێراق و ئەسعەد عێدانى پارێزگارى پێشووى بەسرە.

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە، عەلى شوکرى کە ڕاوێژکارە لە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، چانسى لە هەموویان زیاترە بۆ وەرگرتنى پۆستەکە، چونکە پاڵپشتیى مەرجەعى باڵای شیعەکانى عێراقى هەیە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە، لە عێراق خۆپیشاندانى هاوڵاتییانى عێراق دژى گەندەڵى و نەبوونى هەلى کار و کەمیى خزمەتگوزارى دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستاش، سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە.