سەردێڕ:

حەلبوسی: بە نوسراو داوامان لە سەرۆک وەزیران کردووە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بێت

ئەگەر ئامادە نەبێت، ڕێکاری دەستووری دەگرنە بەر
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: میدیاکان
2019-10-31

3255 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، ئومێد محەمەد، بەغدا

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە نوسراو داوایان لە سەرۆک وەزیران کردووە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بێت و چاوەرێی وەڵامیانن.

هاوکات ئەمرۆ، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا هەتا کاتی ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران.

لە حاڵی ئامادەنەبوونی سەرۆک وەزیرانیشدا، حەلبوسی وتی،"بەپێی دەستور ھەرکاتێک سەرک وەزیران ئامادە بوو دانیشتنەکە دەبەسترێتەوە، بەڵام ئەگەرش ئامادە نەبوو، ئەوا ڕیکارە دەستوریکان لە دژی دەگرینە بەر".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وت، هەرکاتێک سەرۆک وەزیران یاخود نوێنەرەکەی لە دانیشتنی پەرلەماندا ئامادەبوون، ئەوا دەبێت دانیشتنێکی کراوە بێت و بۆ ڕایگشتیی بگوازرێتەوە.

حەلبوسی وتیشی، "هاوڵاتیان دەبێت ڕاستەوخۆ تەماشای ئەو دانیشتنە بکەن کە سەرۆک وەزیران دێتە پەرلەمان"

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ موقتەدا سەدر، سەرۆکی روتی سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارنەکێشێتەوە، ئەوا عێراقیش وەکو سوریا و یەمەن-ی لێدێت. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئار تی-ش، عادل عەبدولمەهدی ئامادەیی خۆیی بۆ دەستەلەکارکێشانەوە دەربڕیوە، بەڵام گرفتی لەوەدا هەیە جێگرەی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق چۆن دەبێت و کێ لە ڕژانی خوێنی سەدان کوژراوی خۆپیشاندانەکان، بەرپرسیار دەبێت.