سەردێڕ:

ڕێگە بە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتییەکانی ئێران دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-10-31

1822 جار خوێندراوەتەوە

لە هەنگاوێکى نوێدا وا بڕیارە ئیدارەی ئەمریکا ڕێگە بە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتییەکانی ئێران بدات.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا  دەیەوێت ڕێگەبدات بە کۆمپانیا ڕوسی و چینی و ئەوروپییەکان کە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا کاربکەن بەو مەرجەى لە بواری ئاشتى و پێداویستییەکانی دوور لە سەربازی بێت و بە شێوەیەک ئێران نەتوانێت ببێتە  خاوەنى چەکی ئەتۆمی.

چەند سەرچاوەیەک لە ئیدارەى  ئەمریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، کۆشکی سپی سەرقاڵی داڕشتنەوەى بڕیارێکە کە هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات و ڕێگە بە چەند کۆمپانیایەک دەدات لەو وڵاتە کاربکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەمریکا  گەمارۆی تەواوەتی بەسەر هەموو جۆرە چالاکییەکی ئەتۆمی ئێراندا سەپاندبوو بە هیچ شێوەیەک ڕێگەى نەدەدا هیچ کۆمپانیایەک لەو  وڵاتەدا کاربکەن.

پێشتریش بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکا لەڕێکەوتنى ئەتۆمی نێوان  ئێران و چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا کشایەوە.