سەردێڕ:

سوپای لوبنان: ئیتر کاتی ئەوەیە هەموو ڕێگا داخراوەکانی وڵات بکرێنەوە

ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان
فۆتۆ: میدیاکان
2019-10-30

1494 جار خوێندراوەتەوە

سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکیدا، ڕایگەیاند، ئەوان باوەڕیان بە مافی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان هەیە و ئیتر کاتی ئەوەیە هەموو ڕێگا داخراوەکانی ئەو وڵاتە، کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە گیرابوون، بکرێنەوە و دۆخەکە هێور ببێتەوە.

لە هەمان بەیاننامەی سوپای لوبناندا هاتووە، "ئەمڕۆ ١٣ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی لوبناندا، جگە لەوەی داواکانیان مافی ڕەوای هاوڵاتییانە، بەڵام بە پێویستی دەزانین ڕێگا داخراوەکانی شار و شارۆچکەکانی لوبنان بکرێنەوە".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین، هەموو ئەو ڕێگایانەی دایانخستووە، بیکەنەوە با ژیانی هاوڵاتییان ئاسایی ببێتەوە".

ئەگەرچی لوبنان خاوەنی دەیان پێکهاتەی جیاوازی سیاسیی و مەزهەبییە، بەڵام وا نزیک بە دوو هەفتەیە لەو وڵاتە خۆپیشاندانە و تا ئێستا یەک کەسی تێدا نەکوژراوە. چاودێران ئەمە بە خاڵێکی ئەرێنی دەبینن بۆ سوپای لوبنان و لە هەمان کاتیشدا، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و سوپای عێراقدا نیشاندەدات، کە لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا و لە ١ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٠٠ کوژرا و نزیکەی ١٠ هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.