سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکى بەریتانی: ئەو چەکە فسفۆرەی تورکیا لە سوریا بەکاریهێنا، دەکرێت لە بەریتانیای کڕیبێت

فۆتۆ: 
2019-10-30

1576 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی نوسیویەتی، ئەو چەکە فسفۆرەی تورکیا لە باکوری سوریا بەکاریهێنا، پێشبینی دەکرێت لە وڵاتی بەریتانیای کڕیبێت.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، لە نزیکەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی بەریتانیا زیاتر لە ٧٠ جار بەرهەمی چەکى سەربازی بە ئەنقەرە فرۆشتووە کە ماددەی فسفۆڕ لە پێکهاتەیدا هەیە.

لەوبارەیەوە هامیش دێ بریتۆن گۆردن فەرماندەی پێشووی چەکە کیمیاییەکانی بەریتانیا وتوویەتی " لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەریتانیا چەکی فسفۆڕی بە تورکیا فرۆشتووە".

وتیشی، ئەگەر نموونەیەک لە شوێنەواری ئەو ماددە کیمیاییە وەربگیرێت کە ئەم مانگە تورکیا دژ بە کورد بەکاریهێنا، پێدەچێت بزانرێت ئەو چەکە لەکوێوە هاتووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی وتووە، ماددەی فسفۆڕی سپی قەدەغەکراو نیە بەڵام بەمەرجێک دەبێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و پەیماننامەی چەکە کیمیاییەکاندا بەکاربهێندرێت و ڕاستەوخۆ دژ بە هاوڵاتی مەدەنی بەکارنەیەت.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا ڕاگرت، بەهۆی نیگەرانی ئەو وڵاتە کە لە ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا دژ بە باکوری سوریا بەکاربهێندرێت.