سەردێڕ:

کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگی زۆرینە بڕیاريدا سزای تورکیا بدرێت

پەیوەندییەکانى ئەمریکا و تورکیا
هۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن
فۆتۆ: میدیاکانی ئەمریکا
2019-10-30

9035 جار خوێندراوەتەوە

شەوی ڕابردوو بە کاتی کوردستان، کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگی ٤٠٣ ئەندام، ژمارەیەک سزای بەسەر وڵاتی تورکیادا سەپاند.

کۆنگرێسی ئەمریکا کە ٥٣٥ دەنگدەری تێدایە، ١٠٠ سیناتۆر و ٤٣٥ نوێنەر، بە زۆرینەی ٤٠٣ دەنگ، بڕیاری سزادانی تورکیای دا و بڕیارە ئەو هەنگاوانەی کۆنگرێس لە دژی تورکیا درێژەی هەبێت.

لەبەرانبەردا وەزارەتى دەروەى تورکیا ئیدانەى ئەو بریارەى کرد و رایگەیاند، ئەوە لەگەڵ هاوبەشێکدا کە پێکەوە لە هاوپەیمانى ناتۆبن و لە ١٧ى ئۆکتۆبەریشدا هەر دوو وڵات(ئەمریکا و تورکیا) ریکەوتنیان لە بارەى راگەیاندنى ئاگربەست لە باکورى سوریاکردبێت یەک ناگرێتەوە.

بەپێی دەستووری ئەمریکا، ئەو سزایانەی کۆنگرێس دەنگی لەسەر داوە، دواتر دەچێتە ئەنجومەنی پیران و ئەگەر دەنگ بهێنێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، بە ناچاری دەبێت واژۆیان لەسەر بکات.

سزاکانیش بریتین لە:

- فرۆشتنی چەک بە تورکیا، لەلایەن ئەمریکاوە قەدەغە دەکرێت و هەر وڵاتێکی دیکەش چەکی پێبفرۆشێت، ئەمریکا سزای دەدات.

- هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی تورکیا کە ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان-سوریا سزا دەدرێن.

- هەموو بانکە ناوەندییە حکومییەکانی تورکیا، لە ناویشیاندا (هالک بانک) دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.

- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت بە زویی زانیاریی لەسەر داهاتی ئەردۆغان و ئەندامانی خێزانەکەی بداتە کۆنگرێس، بە مەبەستی بلۆک کردنیان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ وەکو فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و سەرۆکی ئەو وڵاتەش، لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دا. تورکیاش ئەوەی قۆستەوە و لە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ئۆپراسیۆنی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و سەدان کوژراو و بریندار و هەزاران ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە. هەر لە دەستپێکی هێرشەکانی تورکیاوە، ناڕازیبونێکی گەورەی جیهانی لێکەوتەوە و لە تەواوی جیهاندا خۆپیشاندان و هەڵوێستی ناڕەزایی لێکەوتەوە. بەشێکی زۆری کۆنگرێسی ئەمریکاش ڕەخنەیان لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گرت.

ئەم سزایانە لێکەوتەی هەوڵەکانی سیناتۆر لینزی گراهام-ە، کە هەر لە سەرەتای هێرشەکانەوە کۆمەڵێک سزای بۆ سەر تورکیا ئامادە کرد و هەوڵیدا لە کۆنگرێس دەنگی بۆ کۆ بکاتەوە.