سەردێڕ:

قەدەغەی هاتووچۆ لە بەغدا شکێندرا

لایەنگرانی سەدر بەشدارن
فۆتۆ: 
2019-10-29

5505 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، ئومێد محەمەد، بەغدا

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند، هەزاران هاوڵاتی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیان شکاند و ڕژانە سەر شەقامەکانی بەغدا.

ئەوەشی خستەڕوو، تادێت لایەنگرانی موقتەدا سەدر بەڕێژەیەکی زۆر، دێنە ناو گۆڕەپانی تەحریر کە شوێنی سەرەکی خۆپیشاندانەکانە.

دەشڵێت، تا ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکاندا هەیە، هەروەها سێ دەروازەی گۆڕەپانی تەحریر بەدەست خۆپیشاندەرانەوەیە، تەنها یەک دەروازە بەدەست هێزە ئەمنییەکانەوەیە کە دەچێتەسەر ناوچەی سەوز.

ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند شارێکی دیکەی وەکو کەربەلا و نەجەف و حلە خۆپیشاندان بەردەوامە، بەڵام لە شاری بەغدا بەڕێژەیەکی بەرفراوانتر بەڕێوەدەچێت.

بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداوە درا، بەشێوەیەک لەدوای ١٢ی شەوەوە تا ٦ی بەیانی لە ناو شارەکەدا هاتووچۆ بوەستێت، بەڵام لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە شکێندرا.