سەردێڕ:

ڕانیە.. بەھۆی رووداوێکی هاتووچۆوە ھاوڵاتیەک گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-10-28

3694 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، ئەیوب وەرتی، ڕانیە

لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای ڕانییە، گەنجێک بە ھۆی ڕووداوی ھاتووچۆوە گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی لە ڕانیە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم، بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای ڕانیە، گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵ گیانی لەدەستدا.

خۆشناو حەسەن وتەبێژی ھاتوچۆی ڕاپەڕین بە  دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، "ھاوڵاتییەکە ناوی (د.ع.ح) تەمەنی ٢٨ ساڵە، دانیشتوی ناحیەی بێتوایەیە".

وتیشی، "ڕوداوەکە لەجۆری شێلان بووە و  لەسەر رێگای چوارقورنە-بۆسکێن روویداوە، ھاوڵاتیەک لەگەل شۆفێری شۆفڵێکدا بە دەرگای ئۆتۆمبێلەکەوە سەرکەوتووە، کە بەھەموو شێوەیەک ئەو شوێنە قەدەغەیە ھاولاتی سەربکەویت، دواتر لە کاتی ڕۆیشتندا بەربوەتەوە و کەوتۆتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕوداوەکانی ھاتووچۆ بەیەکەم ھۆکاری گیان لەدەستدانی ھاوڵاتیان دادەندرێن لە ھەرێمی کوردستان، بەرپرسانی ھاتووچۆش ھۆکاری ڕوداوەکان بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بەڕێنمایەکانی ھاتووچۆوە دەگێڕنەوە، ھاوکات شۆفێرانیش خراپی ڕێگاوبانەکان بەھۆکاری ڕووداوەکان دەزانن.