سەردێڕ:

بەشیر حەداد: دەبێت پێش کۆتایی ئەمساڵ ھەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ٢٠٢٠ رێکبکەون

فۆتۆ: 
2019-10-27

2509 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پێش کۆتایی ئەمساڵ ھەولێر و بەغدا لەسەر بودجە ڕێکبکەون و باسی لەوەش کرد، ئەوان پێیان باش نییە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی ھەڵبوەشێتەوە.

بەشیر حەداد، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا، باسی لەوە کرد، "پێویستە خۆپیشاندەران ماوەیەک بدەنە حکومەت و لایەنە سیاسیەکانیش حکومەت دەستکراوە بکەن لە بابەتی چاکسازیدا، تاکو عادل عەبدولمەھدی بتوانێت ئەو داواکاریانە جێبەجێ بکات".

دەربارەی مەترسی بۆ سەر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانیش، بەشیر حەداد وتی، "لە ھەموو بارێکدا ئەم چەند مانگەی ٢٠١٩ کێشەی تیا نیە و ساڵی داھاتوو رێکەوتنی دیکە دەکرێت، لە ئەگەری لاچونی عەبدولھەمدیش ھەمیشە دەوڵەتی عێراق پێویستی بەکورد و ھەرێمە بۆ پێکھێنانی حکومەت، بۆیە لەو بارەیەوە ئەو گەشبینە".

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندان لە چەند شارێکی عێراق بەردەوامە و وابڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی خۆپیشاندانەکان و پرسی چاکسازییەکان و داواکاری خۆپیشاندەران ئەنجامبدات.