سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی: کوشتنی بەغدادی کۆتاییھاتنی تیرۆر و ئایدۆلۆژیای داعش ناگەیەنێت ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
فۆتۆ: 
2019-10-27

1198 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کوشتنی بەغدادی دوای لەناوبردنی بەناو خەلافەتی داعش ‌ھەنگاوێکی گرنگە بەڵام مەترسی بەھێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەکان ھێشتا زۆرە و ھەڕەشە لە ئاسایشی ھەموو جیھان دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ھەرێمی کوردستان وەک بەشێکی گرنگ و سەرەکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەناوبردنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بە ھەنگاوێکی گەورەی شەڕی دژی تیرۆر دادەنێت و، پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵی ئەمەریکا و ھەموو ئەوانە ڕادەگەیەنێت کە بە ھەر شێوەیەک لە سەرکەوتنی ئەو ئۆپراسیۆنەدا بەشدار بوون".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " مەترسی بەھێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەکان ھێشتا زۆرە، داعش و ھاوشێوەکانی لە ناوچەکە لە جموجۆڵدان و ھەڕەشە لە ئاسایشی ھەموو جیھان دەکەن".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، نەک تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵکو ھاوکارییەکان بەھێز بکرێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و کولتووری پێکەوەژیان، هەروەها نەھێشتنی ئەو زەمینەیەی کە تیرۆر و خەڵکانی وەک بەغدادی بەرھەم دەھێنن".