سەردێڕ:

ئارام شێخ محەمەد: لابردنی سەرۆک وەزیر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە

فۆتۆ: 
2019-10-27

3965 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ھەڵبژاردنی پێشوەخت لەم بارودۆخەی ئێستادا کارێکی قورس و دوورە.

ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی یەکەم، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی "تاووتوێ"ی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، باسی لەوە کرد ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت لەم بارودۆخەی ئێستای عێراق و ناوچەکە و کوردستان قورسە و دوورە، وتیشی لاچوونی عادل عەبدول مەھدی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. 

ھەروەھا باسیی لەوەش کرد، "خۆپیشاندانەکان بارودۆخێکی نادیار و قورسە و عێراق بەرەو دوو ئاڕاستە دەبات، ئەوانیش ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت کە ئەگەرێکی دوورە، دووەمیش کپ کردنەوەی خۆپیشاندانەکان، چونکە بە ئاشکرا دیارە حکومەت دەیەوێ کۆتایی بە خۆپیشاندان بھێنێت، یان بە بەکارھێنانی ھێز و زەبر، یان بە پێدانی بەڵێنی چاکسازی وەک ھەموو جارەکانی دیکە".

ئارام شێخ محەمەد وتیشی، "خۆپیشاندانەکان موڵکی ڕآستەقینەی خەڵکە و ھیچ ھێزێکی سیاسی لە پشتەوە نییە، ھەروەھا بەشێک لە خۆپیشاندەرە ڕاستەقینەکان باس لەوە دەکەن ئەو کەسانەی تاڵانکاری دەکەن لە ئێمە نین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، خۆپیشاندان لەشاری بەغدا و چەند سارێکی دیکە لە ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، کە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە ٦٠ کەس و بریندار بوونی نزیکەی ٢ ھەزار کەسی دیکە.