سەردێڕ:

فۆرەن پۆڵەسی: مەزڵووم کۆبانی تاکە کەسی بیانی بوو کە ئاگاداری ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادی بوو

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
فۆتۆ: 
2019-10-27

27597 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری فۆرەن پۆڵەسی بڵاویکردووەتەوە، مەزڵووم کۆبانی تاکە کەسی بیانی بووە کە ئاگاداری ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادی بوو.

بەگوێرەی گۆڤاری فۆرەن پۆڵەسی، هێزە کوردییەکانی سوریا بۆ ماوەی پێنج مانگ زانیاریان لەسەر شوێنی ئەبوبەکر بەغدادیی کۆکردووەتەوە.

گۆڤارەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاکە کەسی بێگانە بووە کە ئەمریکا زانیاری لەسەر کاتی ئۆپراسیۆنەکە و ئامانجەکە پێداوە.

هاوکات، مەزڵوم عەبدی بە گۆڤارەکەی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نزیکی یەک مانگ ئۆپراسیۆنەکەی دواخستووە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هەرێمی کوردستانیش یارمەتی ئەو ئۆپراسیۆنەی داوە و وێستگەی هێزە تایبەتییەکەی ئەمریکا و هێلیکۆپتەرەکانیان لە هەولێر بووە.

دوێنێ شەو، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدە، لە نزیک ئیدلیب-ی سوریا، ئەبوبەکر بەغدادیی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش کرایە ئامانج و خۆیی و دوو هاوسەرەکەی کوژران. کاردانەوەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە جیاوازبوون و کۆشکی سپی وەکو سەرپەرشتیاری ئۆپراسیۆنەکە لێدوانی دا، هەسەدە وەکو هاوبەشی ئۆپراسیۆنەکە، وەزارەتی بەرگری روسیا بێ ئاگایی خۆیان دەربڕیی و ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە هێشتا بیری داعشیی نەمردووە.