سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی: تورکیا ئاوارەکانی سوریا ناچار بە گەڕانەوە دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-25

2589 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، ئەنقەرە ئاوارە سورییەکانی دانیشتووی تورکیا بەزۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ "ناوچەی ئارام" لە باکوری سوریا، وێڕای ئەوەی شەڕ لەو ناوچانە کۆتایی نەھاتووە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چاوی بە ژمارەیەک لە ئاوارە سورییەکانی دانیشتووی تورکیا کەوتووە، کە رایانگەیاندووە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە ھەڕەشەیان لێکراوە و ھەندێکیشیان بەشێوەیەکی کردەیی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە ناچارکراون بەڵگەنامەیەک واژۆ بکەن کە نوسراوە "بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە سوریا".

ڕێکخراوەکە رایگەیاندووە، تورکیا ژیانی ئاوارە سورییەکان دەخاتە ژێر مەترسی جددیەوە بەوەی ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی شەڕ لە سوریا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سەدان ئاوارەی سوری بەزۆر گەڕێندراونەتەوە بۆ سوریا، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە کە بە پشت بەستن بە زانیاری لەبارەی ٢٠ کەیسی لەو شێوەیە کۆیکردووەتەوە، کە لە نێوان مانگەکانی تەمووز و تشرینی یەکەمدا بوون.

ئەنقەرە رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار ئاوارەی سوری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوەش "لەسەر خواستی خۆیان بووە"، ئەو ژمارەیەش لەکۆی سێ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار ئاوارە سووریدایە کە ئێستا لە تورکیا نیشتەجێن و چاودێران بە بارگرانی بۆ سەر ئابووری تورکیا ناویدەبەن.