سەردێڕ:

گۆڤارێکی ئەمریکی پلانێکی واشنتۆن لەبارەی سوریاوە ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-25

44973 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆنەوە ئاشکرایکردووە، ئەمریکا پکانی ھەیە تانک و ھێزی تایبەت ڕەوانەی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژھەڵاتی سوریا بکات.

بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە ئێستادا چاوەڕوانی ڕەزامەندی کۆشکی سپی دەکەن بۆ ڕەوانەکردنی ھێزێکیان و ٣٠ تانک بۆ رۆژھەڵاتی سوریا و ئامانجیش لەوکارەیان پارێزگاریکردنە لەو کێڵگە نەوتانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤاناندان.

لەلایەکی دیکەوە سیناتۆر لیندزی گراھام، ئەو ھەواڵەی پشتڕاستکردەوە و وتی، "بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشنیازی پلانێک دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەوەی نەوتی سوریا بکەوێتە دەست گروپە چەکدارەکان و ھێزەکانی سەر بە ئێران".

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێشوازی لەو پلانە کردووە و رایگەیاندووە، "لەگەڵ ئامانجەکانی ئەوان سەبارەت بە سوریا یەکدەگرێتەوە".

ھەر لەوبارەیەوە ئیلھام ئەحمەد ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بە گۆڤاری فۆرێن پۆڵسی ئەمریکی وتووە، "ئەگەر ئەمریکا لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ھێز نەھێڵێتەوە و ئەگەر ڕێگری لە پاکتاوی نەژادی و جینۆسایدی ھاوڵاتیان نەگرێت، ئەوا پێشوازی لە ھێزی ئەمریکی ناکەن".

فۆرێن پۆڵسی ئەوەشی نوسیووە، "تا ئێستا روون نیە کورد چەندێک دەسەڵاتی ھەیە بۆ ڕێگریکردن لە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی سوریا".

پلانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ھێشتنەوەی بەشێک لە ھێزەکانیان لەپێناو کێڵگە نەوتەکانی سوریا لەکاتێکدایە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا ھێزەکانی لە ناوچە سنورییەکان کشاندەوە و ئەوەش لەلایەن چاودێرانەوە بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ھێرشی تورکیا وەسفکرا.