سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاشتییانە بەڕیوەبچێت

فۆتۆ: 
2019-10-25

676 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، داوا دەکات خۆپیشاندانەکانی عێراق بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت و خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان پابەندی یاسا بن.

جێنین ھێنیس پلاسکارت لە ڕاگەیەندراوێکیدا وتوویەتی "لەم دۆخە ھەستیارەدا، جەخت لە گرنگی پابەندبوون بە بەھا دیموکراسییەکان، و خۆپیشاندانی ئاشتییانە، مافی ئازادی ڕادەربڕین و بەدەستھێنانی زانیاریی دەکەینەوە".

ناوبراو راشیگەیاندووە، نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیە ھاوکاری عێراق بکات لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفتە کۆن و نوێکانی عێراق، داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات بەدەم داوا ڕەواکانی خەڵکەوە بێن، لە نێویشیاندا کۆتاییھێنان بە گەندەڵی، باشکردنی خزمەتگوزاری گشتی، بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەکی بەھێزتر و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەسەندن و دامەزراندنی ھاوڵاتیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ھەینی لە گۆرەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووەتەوە و، تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان برینداربوون.