سەردێڕ:

لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە

فۆتۆ: 
2019-10-25

12175 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، بەغدا، ئومێد محەمەد

لە گۆرەپانی تەحریر خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووەتەوە و، تا ئێستا لە نزیک پردی کۆماری ٢ کەس کوژراون و نزیکەی ١٠٠ کەسیش برینداربوون بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی لەشاری بەغدا ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندانی ھاوڵاتیان دژی گەندەڵی و نادادیی و نەبوونی کار دەستیپێکردەوە و ھەروەھا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەش دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، گرژی کەوتووەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە و، ھێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی گولەی پلاستیکی و گازی فرمێسک ڕێژەوە ھەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن.

دەشڵێت، خۆپیشاندەران ھەوڵی شکاندنی بەربەستەکان دەدەن تاکو بچنە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لێدەکەن.

سەرباری ئەوەی شەوی رابردوو سەرۆک وەزیران بەڵێنی دا بە کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان بۆ نیوە، بەڵام  لەسەرداوای بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانانی عێراق، ئەمڕۆ ھەینی ٢٥ی تشرینی یەکەم، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەغدا و ١١ شاری دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت، دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی کارگێڕیی لەناو حکومەتدا.