سەردێڕ:

دەزگای دژە تیرۆر: ھیچ ھێزێکی قەناس بەدەستی کورد نەچووە بۆ بەغدا

فۆتۆ: 
2019-10-24

6412 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای دژە تیرۆر رایگەیاند، " کەناڵی (العھد)ی سەر بە قەیس خەزعەلی، ھەواڵێکی بێ بنەمای بڵاوکردووەتەوە کە گوایە بەسەرپەرشتی لاھور شێخ جەنگی، ھێزێکی کوردی قەناس بەدەست چوون بۆ بەغدا، ئێمەش سەرلەبەری ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئیدانەی ھەر جۆرە توندوتیژییەک دەکەین دژ بە ھاوڵاتیان، بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵانەش، درێژکردنەوەی یارییەکی نەگریسی ھەرێمییە بۆ تێوەگلاندنی کورد لە کەیسی توندوتیژی بەمەبەستی ئاڵۆزکردنی دۆخی ئارامی و ئاسایشی عێراق و ھەڵگیرساندنی شەڕی تایەفی".

دەزگای دژەتیرۆر دەشڵێت، " داوا دەکەین کەناڵی (العھد) راستگۆیی بکاتە پێوەری کارکردنی و لە ھەڵبەستنی ھەواڵی ناڕاست دوور بکەوێتەوە و بەرامبەر بەو چەواشەکارییانە، داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان و دەزگای دژە تیرۆر بکات".

لەسەرداوای بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانانی عێراق، وابڕیارە سبەی ھەینی ٢٥ی تشرینی یەکەم، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەغدا و ١١ شاری دیکەی عێراق بەڕێوەبچێت، دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی کارگێڕیی لەناو حکومەتدا.