سەردێڕ:

ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: سوپای تورکیا دژی ئێمە چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە

فۆتۆ: 
2019-10-23

6056 جار خوێندراوەتەوە

ئیلھام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، کە بە سەردانێک لە ئەمریکایە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، باسی لەوە کرد، سوپای تورکیا دژی ئەوان چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە.

ئیلھام ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو، "دەوڵەتی تورکیا چووە سەر ماڵی ئەوان و شەڕی دژیان ھەڵگیرساند، ئەوەش لە کاتێکدابوو ھێشتا شەڕڤانان شەڕیان بەرامبەر شانە نوستووەکانی داعش دەکرد و، ھیچ ھەڕەشەیەکیان لە تورکیا نەکردبوو".

ئیلھام ئەحمەد لە کاتی قسەکانیدا چەند وێنەیەکی ئەو ھاوڵاتیانەی نیشانی ئەندامانی کۆنگرێسدا، کە بە چەکی قەدەغەکراو لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا بریندارکرابوون.

باسی لەوەش کرد، "لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا ٦٠ خێزانی داعش ھەڵھاتن و بارودۆخی باکوری سوریا زۆر مەترسیدارە، ھەروەھا جوگرافیای ناوچەکە پارچە پارچە بووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا سوکایەتییان بە تەرمی شەڕڤانێکی کچ کردوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەھیدیان کردوە.

ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئەوەشی وت، "بەھۆی ئەو شەڕەوە، ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس ئاوارە بوون و شارۆچکەی سەرێکانی وێران کراوە".