سەردێڕ:

کەلار.. سيسته‌مى پارکینگ لە شه‌قامه‌كان جێبه‌جێ دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-10-23

3224 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستان سیستەمی پارکینگ لە شەقامەکان بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل پەیڕەو دەکرێت.

سیستەمەکە لە قەزای کەلار خرایە باری جێبەجێکردنەوەو لەسەر ژمارەیەک لە شەقامەکانی دەوروبەری بازاڕی شارەکە ھێڵکاری بۆ شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل کراوە.

پرۆژەکە بە تەندەر دەدرێتە کەرتی تایبەت و بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە یاسایەکی تایبەت نییە کە شۆفێران ناچار بکات پارە بدەن، بەڵام شارەوانی بۆ ئەمە پشتی بە یاسای بەکرێدانی موڵک و ماڵی حکومەت بەستووە.


تا پێش ئەم پرۆژە ھەر شۆفێرێک لەو شوێنانەی کە ئێستا بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل دیاری کراوە ئۆتۆمبێلەکەی ڕابگرتایە، لەلایەن پۆلیشی ھاتوچۆوە سزای مادی دەدرا، ئێستا لەبەرامبەر پێدانی پارەیەکی دیاریکراو بە کۆمپانیا دەتوانرێت ئۆتۆمبێل ڕابگیرێت، پۆلیسی ھاتوچۆش لەمە بەدوا سزای مادی ھەر شۆفێرێک دەدات کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکانی پرۆژەی سیستەمی بەکرێدانی شەقامەکانەوە.


بەرپرسانی شارەکە دەڵێن ئامانجیان لەم سیستەمە ڕێکخستنی ھاتوچۆو و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و کۆکردنەوەی داھاتە، بەشێک لە ھاووڵاتیان گرفتیان لەگەڵ پرۆژەکە نییەو پێوەی پابەندن بەشێکی تریشیان پێیانوایە ئەمە تەنھا بۆ کۆکردنەوەی پارەیە لە ھاوڵاتیان  و ھیچ سودێکی تری نییە.