سەردێڕ:

بەرگری تورکیا: لەم قۆناغەدا پێویست ناکات دەست بە ھێرشەکانمان بکەینەوە لە باکوری سوریا

فۆتۆ: 
2019-10-23

2435 جار خوێندراوەتەوە

دوابەدوای کۆتایی ھاتنی وادەی رێککەوتنی ئاگربەست لە باکوری سوریا، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لەم قۆناغەدا پێویستیان بە دەستپێکردنەوەی ھێرشەکانیان لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپراسیۆنی ئێستا نییە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، ئەمریکیەکان ئاگاداریان کردونەتەوە کە لە ماوەی ١٢٠ کاتژمێری ئاگربەستدا سەرجەم ھێزە کوردیەکان لە ناوچەی ئۆپراسیۆن کشاونەتەوە.

ھاوکات جیمس جێفرێ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە ھێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تری باکوری سوریا، باجی قورس دەدات و سزای توندتری بەسەردا دەسەپێنین.

بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا دوای ئەوە ھات کە ئێوارەی رۆژی سێ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو وڵاتە و ڤلادمیر پۆتن سەرۆکی روسیا رێککەوتنێکی ١٠ خاڵیان لە بارەی باکوری سوریاوە واژۆکرد.

بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا لە ناوچەی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی دەمێنێتەوە و لە ناوچە سنوریەکانی تریش ھێزەکانی سوریا و روسیا جێگیر دەکرێن و ھێزە کوردیەکان تا قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیا دووردەخرێنەوە.