سەردێڕ:

لوبنان.. ژنان بەشدارییەکی چالاکیان هەیە لە خۆپیشاندانەکاندا

فۆتۆ: 
2019-10-22

2704 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانى لوبنان لە دژی خراپیی دۆخی ئابوری بەردەوامە و یەکێک لە گرنگترین پێکهێنەرەکانی خۆپیشاندانەکانیش ژنان بوون.

نزیکەی هەفتەیەک دەبێت خۆپیشاندانەکان لە دژی خراپیی دۆخی ئابوری لە لوبنان بەردەوامە و یەکێک لەو توێژانەی کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە بەشداریی بێ دابڕانیان هەبووە ژنان بوون.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانیشەوە تا ئێستا یەکێک لە گرنگترین پێکهێنەرەکانی خۆپیشاندانەکان ژنان بوون، کە لە هەموو ئاست و تەمەنێکدا بە بەردەوامی بەشداریی خۆپیشاندانەکان بوون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە چەندین گرتەی ڤیدیۆی جیاواز و سەرنجڕاکێش بڵاوبوونەوە، کە لە یەکێک لەو گرتانەدا ژنێکی بەتەمەنی لوبنانی قسە لەگەڵ ئەفسەرێکدا دەکات و داوایان لێ دەکات ئەوانیش هاوشێوەوی هاوڵاتییان بێدەنگ نەبن.

لە یەکێکی دیکە لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بە خێرایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکلاندا بڵاوبوەوە، کچێکی لوبنانییە کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەگرێت کە بەهۆی ئەو دۆخەی دروستیکردووە ناتوانێت جوانکاری بۆ ڕووخساری بکات.

بەشداریکردنى ئافرەتان چەندین کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە چاودێرانی دۆخی لوبنان بە چاوى ڕەخنەوە لێى دەڕوانن و بەشێکی دیکەش بە خاڵی بەهێزى شۆڕشى لوبنانى دادەنێن.

هاوکات، یەکێک لەو هۆکارانەی گڕوتینی داوە بە بەشداریی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا، لاوازیى بەشداریکردنیانە لە کارکردندا و توانای بەدەستهێنانی داهاتی سەربەخۆی خۆیان نییە، کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.

لە بەرامبەریشدا، فیولێت خێروڵا وەزیری کاروباری ژنانی لوبنان ڕایگەیاند، ئافرەتانى لوبنان کێشەى هاوسەنگى لە بەشداریکردنى کاریان هەیە و ناتوانن بەشدارى کارى بازاڕ بکەن، ئەوەش واىکردووە نەتوانن پەرە بە تواناکانیان و گەشەپێدانى بەهرەکانیان بدەن.

بەشداریکردنى بەردەوامی ئافرەتان لە خۆپیشاندانەکاندا، ئەو بۆچوونەی لەباربرد کە پێیوابوو ئیشى ئافرەتانى لوبنانی تەنیا بازاڕکردن و نەشتەرگەریى جوانکارییە.