سەردێڕ:

ئاسایشی ھەرێم: تەقینەوەکەی سەر شاخی ئەزمەڕ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بووە

ئەو دوو کادرەی پەکەکە، کە کرانە ئامانج.
فۆتۆ: 
2019-10-22

17837 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی ھەرێم روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی سەر شاخی ئەزمەڕ ١٥ى ئەم مانگە لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە ئەنجامدراوە.

نوسینگەی تایبەتی دەزگای ئاساییشی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکى بۆ ڕای گشتی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هۆکاری ڕووداوەکەى ئەزمەڕى بۆ فرۆکەی بێفرۆکەوانی تورکی گەڕاندۆتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "لە ڕووداوەکەدا دوو کادری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) بەناوی (جەمیل) و (دەمهات) لەلایەن فرۆکەی بێفرۆکەوانی تورکییەوە، لە سەر شاخی ئەزمەڕ و لە ناوچەیەکی گەشتیاری شاری سلێمانی بە شێوەیەکی دڕندانە کراونەتە ئامانج".

ئاساییش زیاتری وتووە، "ئەمە پێشێلکاریی و پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش و پێکەوەژیان ناکات".

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە بە هەموو توانامانەوە کار بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو کردەوە مەترسیدارە دووبارە نەبێتەوە".

هاوکات لە بەیانامەیەکى ماڵپەرى ئەنەفە نزیک لە پەکەکە هەواڵەکەى پشتراستکردەوە و رایگەیاند، دوو کادرەکەی پەکەکە ناویان ( دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد)ن و وێنەکانیشیان بڵاوکردووەتەوە.

ئێوارەى ١٥ى ئەم مانگە لە سەر چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و کەسێکیش برینداربووە.

پێشتر لەسەر ئەو رووداوە هیچ رونکردنەوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاونەکرایەوە کە هۆکارى تەقینەوەکە چى بووە و هیچ زانیارییەكیشیان بە راگەیاندنەکان نەدا.

هاوکات هیچ کام لە تورکیا و پەکەکەش تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو رووداوە نەبووە.