سەردێڕ:

ئیمانوێل ماکرۆن داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی سووریا دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-21

3707 جار خوێندراوەتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیای ڕاگەیاندووە، فەڕەنسا دەیەوێت ئاگربەستەکەی تورکیا لە باکوری ڕۆژھەڵاتی سووریا درێژبکرێتەوە.

دوای ئەوەی ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پوتین ئەنجامدا، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا (ئەلیزێ) ڕایگەیاند، ماکرۆن تیشکی خستووەتە سەر گرنگیی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی ئێستا و کۆتاییھێنان بە قەیرانەکە لە ڕێگای دیپلۆماتییەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر تورکیا و ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان ئەنجامدا و تیایدا ١٢٠ کاتژمێر ڕاگرتنی جەنگیان ڕاگەیاند بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، کە ئەو ١٢٠ کاتژمێرەش ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ماکرۆن لەگەڵ پوتین لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی ڕووسیا بکات و تاوتوێی پرسی سوریا بکەن.