سەردێڕ:

جەبار یاوەر: ھێزەکانی ئەمریکا لە کوردستان نامێننەوە

فۆتۆ: 
2019-10-21

7117 جار خوێندراوەتەوە

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا، کە ڕۆژئاوای کوردستانیان چۆڵکردووە، لە هەرێمی کوردستان نامێننەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی تشرینی یەکەم، جەبار یاوەر دڵنیایی دا دەربارەی ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە کوردستان نامێننەوە.

وتیشی، لە ئێستادا شوێنی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنی واشنتۆنە لەلایەک و حکومەتی بەغدا و ھەولێریش لە لایەکی دیکە.

دەشڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وەزارەتی پێشمەرگە کەوتووە، ئەو ھێزەی ئەمریکا کە لە سووریاوە ھاتووە، بە پێشخاپوور و سەحیلادا دەڕوات تا دەگاتە رۆژئاوای ئەنبار.

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی، "مانەوەی بەشێکی ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریکا لە لایەک و حکومەتی بەغدا و ھەولێرە لە لایەکی تر."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ھێزەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژئاوای سوریا پاشەکشەیان کرد، ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی یەکەم گەیشتنە موسڵ و لەوێشەوە بەرەو ھەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن، کە بەپێی سەرچاوەکان ژمارەیان ھەزار سەربازە.

لەوبارەیەوە مارک ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بۆ پاراستنی ناوچەکە و وەستانەوەیە دژی داعش.