سەردێڕ:

مەزڵووم کۆبانێ: تەواوی ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکامان قبووڵ نەکردووە

فۆتۆ: 
2019-10-21

12028 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەلێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ھەسەدە تەنھا بە ئاگربەست ڕازییە و لە گرێ سپی و سەرێکانی کشاوەتەوە"، دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا ڕونکردنەوەی داوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " بڕیاری سەرۆک ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، وا دەکات تورکیا ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی سوریا داگیر بکات، ئەو بڕیارەش بووتە ھۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ھاووڵاتی و ڕێگەی بە پاکتاوی نەژادیی گەلی کورد دا".

دەشڵێت، " ھاوپەیمانیمان لەگەڵ واشنتن بۆ شەڕی داعش ھێشتا بەردەوامە و ئەمریکا وازی لەم ھاوپەیمانێتییە نەھێناوە بەڵام ڕێگەدان بە داگیرکاری و لەشکرکێشیی تورکیا زیانی زۆری بەم ھاوپەیمانێتییە گەیاندووە. ئێمە ھێشتا دەمانەوێت ھاوپەیمانی ئەمریکا بین".

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشداوە، ": متمانەمان بە ئەمریکا لەوپەڕی ئاستی لاوازیدایە، بەڵام ھێشتا لەو بڕوایەداین مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان و کوردەکاندایە".

فەرماندەکەی ھەسەدە بەدەنگی ئەمریکاشی وتووە، "ڕووسیا ھاوپەیمانی ڕژێمی سوریایە و، ھەماھەنگیی تەواویشی لەگەڵ تورکیادا ھەیە، ئێمەش ئەزموونمان لەگەڵ ڕووسیا ھەیە لە عەفرین، لەوێ ڕێگەیان بۆ تورکەکان خۆشکرد ھەتا پاکتاویی نەژادی جێبەجێ بکەن، لەبەرئەوە ئێمە ناتوانین پشت بە ڕووسیا ببەستین".

مەزڵوم کۆبانێ دەربارەی چەکدارانی داعش دەڵێت، "تورکیا مافی ئەوەی نییە دەستوەرداتە کاروباری ئەم زیندانییانە، لەبەر ئەوەی ھەر تورکیا بوو کارئاسانی بۆ چەکدارانی داعش کرد تاکو بێنە نێو خاکی سوریا".

"ھەموو داعشە زیندانیکراوەکانمان لەو ناوچانە چۆڵ کردووە و، گواستوماننەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆمان".مەزڵوم کۆبانێ وای وتووە.