سەردێڕ:

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق رەتیكردەوە پەیوەندییەكانی ئینتەرنێت رابگیرێت

فۆتۆ: 
2019-10-21

1374 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق رەتیكردەوە پەیوەندییەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی هەینی و شەممەى داهاتوو رابگیرێت.

خەیرى محەمەد بەڕێوەبەرى فەرمانگەى راگەیاندن لە وەزارەتى پەیوەندییەکان لە لێدوانێكیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، رۆژانى هەینى و شەممەى داهاتوو هێڵەکانى ئینتەرنێت راناگیرێت و ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.

پێشتر نوسراوێک بڵاو کرابووەوە لەلایەن وەزارەتى پەیوەندییەکانی عێراق کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی دابینکەری هێڵەکانی ئینتەرنێت کراوە، فەرمان بە ڕاگرتنی ئینتەرنێت دەکات لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا.

ئاماژە بەوە دراوە، "داوا لە کۆمپانیاکانی دابینکەری هێڵی ئینتەرنێت و هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ، زەین و کۆڕەک دەکەین بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت لە کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی رۆژی هەینى ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ هەتا کاتژمێر ١١ی شەوی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩".

هەر لەو فەرمانەدا، وەزارەتەکە کۆمپانیا دابینکەرەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئاراستە دەکات بەوەی کە بڵێن بە هۆکاری چاککردنەوەوە ئینتەرنێت دەوەستێت.

بە گوێرەی بەیاننامەی دەستەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی عێراق وابڕیارە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراق دەستپێبکەنەوە.