سەردێڕ:

بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی، ئەمریکا بە ناپاکیی تۆمەتبار دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-21

20851 جار خوێندراوەتەوە

دەیڤد پترایۆس، بەرێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بۆ دەرەوەی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن-دا ڕایگەیاند، ئەمریکا ناپاکیی بەرامبەر بە هاوپەیمانە دێرینەکانی لە شەڕی دژ بە داعشدا، کرد.

هاوکات وتیشی، "کوردەکان زیاتر لە دە هەزار شەڕڤانیان بوونە قوربانی لە شەڕی داعشدا".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو کشانەوەیەی ئەمریکا شتێکی پلان بۆ داڕێژراو نەبوو، بەڵکو دەرچوونێکی زۆر کتوپڕ بوو لە هاوسەنگییە سیاسییەکانی ناوچەکە".

ئەو کۆنە بەرێوەبەرەی سی ئای ئەی کە ئێستا خانەنشین بووە، ئەوەشی وت، "کاتی خۆی کە گەیشتمە باکوری عێراق کوردەکان هەمیشە ئاماژەیان بەوە دەدا کە ئەوان جگە لە چیاکان، هیچ هاوڕێیەکی تریان نییە. منیش دەمگوت نا، وانییە، ئێوە ئەمریکییەکانتان هەیە. دەی ئێستا کێ ڕووی دێت ئەو پرسیارە لە فەرماندە مەزڵوم بکات؟".

دەیڤد پترایۆس ناوێکی دیاری دەیەی یەکەمی دووهەزارەکانە. ئەو فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بوو لە ٢٠١٠ و ٢٠١١ لە ئەفغانستان. ئەم لێدوانەشی لێکەوتەی هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سەدان و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.