سەردێڕ:

ئۆتۆمبێلى خەونى ژنان

فۆتۆ: 
2019-10-20

5018 جار خوێندراوەتەوە

ساڵانە خەڵاتێکى تایبەت دابیندەکرێت بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەى کە دەبێتە گونجاوترین ئۆتۆمبێل بۆ ئافرەتان و نازناوى ئۆتۆمبێلى خەونى ژنانى لێ دەنرێت، ئەوەش بەهۆى بوونى زۆرترین ئەو تایبەتمەندییانەى کە ئافرەتان حەزیپێدەکەن لە ئۆتۆمبیلەکەدا.

ئەم خەڵاتە لەلایەن لیژنەیەکى ٤٢ کەسییەوە دەبەخشرێت کە سەرجەمیان ژنن و لە بوارى میدیا و پیشەسازى ئۆتۆمبێلدا کاردەکەن، ئەو لیژنەیە ئۆتۆمبێلەکان هەڵدەسەنگێنن و خۆیان حەزیان لە کام جۆر بێت و، هەست بە گونجاندنى بکەن لەگەڵ داواکارییەکانى خۆیاندا، بڕیاردەدەن خەڵاتەکە بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بێت.

بۆ ئەمساڵیش خەڵاتەکە بە ئۆتۆمبێلێکى بەریتانى جۆرى (ئەستۆن مارتن ڤانتاگ) بەخشرا، ئۆتۆمبێلەکە بزوێنەرێکى ٨ بستۆنیى لەسەرە، کە کۆمپانیاى مارسیدس دروستیکردووە و لە توانایدایە ٣١٣ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت.

لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردوودا ئۆتۆمبێلى ئەمریکى زۆرترین داواکاریى لەلایەن خانمانەوە لەسەربوو، بۆیە کۆمپانیاى  دۆج- گرایسلەر لە ساڵى ١٩٥٦یەکەم ئۆتۆمبێلى بە تایبەتمەندیى ئافرەتانەوە خستە بازاڕەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلە بە ناوى دۆج لافام بوو، بە واتاى دۆجى ژنانە، ئەم ئۆتۆمبێلە ڕەنگەکەى پەمەیی بوو، هەروەها بەشى ناوەوەش بە قوماشێکى بریسکەدار داپۆشرابوو لەگەڵ بوونى سندوقى تایبەت بە بابەتە جوانکارییەکانى ژنان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا.

بەڵام لە ساڵى دواتردا ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بازاڕى کەمبوەوە و تەنها ٢ هەزار و ٥٠٠ دانەى لێ فرۆشرا، بە وتەى بازرگانەکانى بوارى ئۆتۆمبێل هۆکارى کەمبوونەوەى بازاڕى دۆج لافام، کەمتەرخەمى بوو لە ڕیکلامکردندا بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە.