سەردێڕ:

ئوسترالیا.. کەسێکی عێراقی دەستگیرکرا کە تێوەگلاوە لە کوشتنی ٣٥٠ کەس

فۆتۆ: 
2019-10-19

6227 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ئوسترالیا پیاوێکی عێراقییان بە تۆمەتی قاچاغچێتی بە مرۆڤەوە دەستگیرکرد، کە بووەتە ھۆکاری مردنی ٣٥٠ پەنابەر بەھۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە لە ساڵی ٢٠٠١دا.
پۆلیسی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە ھەواڵی دەستگیرکردنی مەیسەم رازییان بڵاوکردەوە، کە بە تۆمەتی قاچاغچێتی بە کۆچبەری نایاساییەوە لە فڕۆکەخانەی بریزبان دەستگیرکراوە و دەڵێت، ئەو پیاوە عێراقییە سزاکەی ١٠ ساڵ زیندانیکردنە.
لە بەیاننامەکەی پۆلیسی ئوسترالیادا ھاتووە، مەیسەم ڕازی بە یەکێک لە ئەندامانی گروپێکی مافیا ناسێنراوە، کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە ئەو گروپە کاری قاچاغچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن و، زیاتر لە ٤٥٠ کەسیان بە شێوەی نایاسایی بردووەتە نێو ئوسترالیا و بوونەتە ھۆکاری خنکانی ٣٥٣ کۆچبەر لە ئاوەکانی خوارووی دوورگەی جاوا لەو وڵاتە، کە لە نێویاندا ١٤٦ منداڵ ھەیە.
پۆلیسی ئوسترالیا ئەوەشی ئاشکراکردووە، مەیسەم ڕازی پارەیەکی زۆری لەو کەسانە وەرگرتووە کە بە قاچاغ ھاتوونەتە ئوسترالیا.
ئەو قاچاغچییە عێراقییە ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای ئەو وڵاتە ئامادەبوو، ھەروەھا بڕیارە ڕۆژی ٣١ی ئەم مانگە خولێکی دیکەی دادگاییکردنەکەی بەڕێوەبچێت.