سەردێڕ:

پەکەکە نامەیەک بۆ خەڵکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت

فۆتۆ: 
2019-10-19

40003 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە- لە نامەیەکدا بۆ خەڵکی ئەمریکا و سەرۆکی ئەو وڵاتە، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە لێدوانێکی ترەمپ نیشانداوە، کە ئەو حزبە و داعشی بە یەک چواندبوو.

لە نامەکەی پەکەکەدا ھاتووە، "ئەوان ھەرگیز ئەمریکا و ھیچ وڵاتێکی دیکەیان نەکردووەتە ئامانج و، بەردەوامیش لەگەڵ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد بوون لەگەڵ تورکیا و لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بۆ ئەو مەبەستە ھەشت جار ئاگربەستیان راگەیاندووە".

پەکەکە باسی لەوەشکردووە، "لەبنەرەتدا حزبەکەیان بۆ بەرپەرچدانەوەی توندوتیژیەکانی حکومەتی تورکیا دروست بووە، کە بە ھەزاران گوندی کوردستانی چۆڵ کردووە و ھەزاران کوردیشی کۆمەڵکوژکردووە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لەکاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەوان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و، ھەزاران کەسیان لە شنگال و ناوچەکانی دیکە رزگارکردووە، بەڵام تورکیا نەک بۆ رێگریکردن لە داعش ھیچی نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت پەلاماری ئەو ھێزانەی داوە کە رووبەڕووی داعش بوونەوە".

پەکەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە، "ئەوان قوربانی تیرۆری دەوڵەتی تورکیان" و، باسی لەوەشکردووە "دڵنیان خەڵکی ئەمریکا دەتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە کێ تیرۆریستە".