سەردێڕ:

فۆکس نیوز: وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت ئاگربەست کاتی دەوێت

رێککەوتنى ئەمریکا و تورکیا
فۆتۆ: 
2019-10-18

8120 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، وتەبێژى کۆشکی سپی دەڵێت ئاگربەست کاتی دەوێت.

 ستيڤانى گريشام وتەبێژى کۆشکى سپى ئەمڕۆ هەینى بۆ ئاژانسى فۆکس نیوز لەبارەى شەرى سوریاوە رایگەیاند، راگرتنى شەڕ کە رێککەوتنى لەسەر کراوە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا کاتى دەوێت.

 هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کومارى تورکیا ئەمڕۆ هەینى رایگەیاند، ئەگەر  رێکەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت ئەوا ئۆپراسیۆنەکانى وڵاتەکەى بەردەوام دەبێت و وتیشى،  ئەو هەواڵانەى باس لە بەردەوامى شەڕ دەکەن دواى راگەیاندنى ئاگربەستەکە دوورە لە راستییەوە و هێزە کوردییەکانیش دەستیان کردووە بە کشانەوە لە سنورەکان.

بەپێى ئاگربەستى رێکەوتنى نێوان تورکیا و ئەمریکا پێویستە هێزەکانى هەسەدە لەسەر سنوورەکانى سوریا –تورکیا بە قوڵایى ٣٢ کیلۆمەتر تا نزیک سنوری عێراق و بە درێژایی ٤٤٠ کیلۆمەتر بکشێنەوە و هێزەکانى تورکیاش دەچنە ناوچەی ئارامەوە.

 هاوکات ترمپ لە لێدوانێکیدا شەڕى نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکانى وەک دوو منداڵ چواندووە کاتێک بەجێیاندێڵێت شەڕ دەکەن و دواتر ناوبژیوانییان دەکات.

لە بارەوەى ئاگربەستەکەى نێوان تورکیا و ئەمریکا ئێوارەى دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئاگربەستەکە دەبێتە هۆى رزگارکردنى ملیۆنان کەس.

لەسەرەتاى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیا بۆ ناوچەکانى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا بە پێى ئامارەکانى روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ نزیکەى ٥٠٠ کەس کوژراون کە ٢٢٤ کەسیان لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات بوون و ١٨٣ چەکداریش لە هێزەکانى نزیک لە تورکیا بوون و ٧٢ کەسى مەدەنیش کوژراون.