سەردێڕ:

ترەمپ: ئەگەر ڕێگامان بە شەڕ نەدایە، تورکیا و کوردەکان ھەرگیز ئەم ڕێککەوتنەیان نەدەکرد

فۆتۆ: 
2019-10-18

6815 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ھێرشە سەربازییەکەی تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، لێیان گەڕام تا تورکیا و کورد وەکو دوو منداڵ شەڕ بکەن، ئێستا ماندوو بوون و لەیەکیان دەکەینەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە میانی وتارێکیدا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە تێکساس ئەوەشی وت، "چەند ڕۆژێکە تورکیا و کورد شەڕ دەکەن ئیتر بیریان لێکردووەتەوە کە ئەوە باش نییە و قورسە".

ئاماژەی بەوەشدا، "فیشەک تەقاندن بەرامبەر بە یەکتری خۆ یاری منداڵان نییە، کوردەکان تێگەیشتن کە دەبێت کەمێک لە سنوور دوور بکەونەوە".

ترەمپ ئەوەشی وتووە، "ئەگەر ڕێگامان بە شەڕ نەدایە، ئەوا ھەرگیز ئەم ڕێککەوتنەیان نەدەکرد".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو، مایک پێنس-ی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغان-ی سەرۆکی تورکیا، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری لە تورکیا، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بەو مەرجەی یەپەگە لەماوەی ١٢٠ کاتژمێردا بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری تورکیا-سوریا بکشێتە دواوە.