سەردێڕ:

مەسرور بارزانی ٥٠٠ ملیار دینار تەرخاندەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان

فۆتۆ: 
2019-10-17

2423 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دەستپێکردنی پرۆژەی ئەندەرپاسی شەقامی بارزان لە پارێزگای دھۆک ڕایگەیاند، " ٥٠٠ ملیار دیناریان تەرخانکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان".

ھاوکات سەرۆک وەزیران دەربارەی ئەو پڕۆژانەی دەیانەوێت جێبەجێیان بکەن، باسی لەوە کرد، " بڕی ٥٠٠ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ جێبەجێکردنیان و، پڕۆژەکانیش ٢٠٠ پڕۆژەن و خۆیاندەبیننەوە لە رێگاو بان، دروستکردنی قوتابخانە، ھێڵی کارەبا، دروستکردنی سایلۆ، وتی بەرنامەی دیکەشیان ھەیە بۆ دروستکردنی بەنداوەکان و ھەروەھا گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی".

لەو بارەیەوە وتی " راستە ئەو پرۆژانە گرنگن بۆ پێشخستنی ئابووری کوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا دەرفەتی کار بۆ ھەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان دابین دەکات".

وتیشی " ئێمە پێمان خۆشە کەرتی تایبەت ھاوکار و پشکداربێت بێت لەگەڵ حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی حکومەت دەستنیشانی کردوون".

لە درێژەی قسەکانیشیدا باسی لە کێشەی نێوان بەغداد و ھەرێم کرد و، " وتی ئێمە لە دەستپێکی ئەم کابینەیەی حکومەتدا نیەتی خۆمان بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەغداد دەربڕیوە".

دەشڵێت، "چەندین پێشنیازمان ئامادەکردووە و پێشکەشی بەغدامان کردووە، تێگەیشتنێکی باش ھەیە لەلایەن ئەوانیشەوە، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەوەین حکومەتی بەغداد ھەنگاوی ئەرێنی و جددی بنێت، چونکە ئێمە دەرگای گفتوگۆمان بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ بەغداد کردووەتەوە".