سەردێڕ:

مەزڵوم کۆبانێ: لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە سزای تورکیا بدات

فۆتۆ: 
2019-10-17

5525 جار خوێندراوەتەوە

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوانیان، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە سزای تورکیا بدات و جەختیشی کردەوە تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی سیاسییان لەگەڵ رژێمی سووریا نییە".

مەزڵوم کۆبانێ لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی روناھی لەبارەی ھەڵوێستی ئەمریکاوە وتی، " ئەمریکا ھەڵوێستی لاوازە و پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە"، باسی لەوەش کرد، "ترەمپ ئەمەی بۆیە کردووە تاکوو نێوانی لەگەڵ تورکیا تێک نەچێت".

ڕاشیگەیاند، "زۆرترین زیان بەر ھاوڵاتیان کەوتووە و لەئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای تورکیا تا ئێستا ٢٠٥ شەڕڤانیش شەھید بوون". 
سەبارەت بە شەڕی داعش وتی، "لە ئێستادا ئەو شەڕە بۆ ئەوان لاوەکییە و کاری لە پێشینەیان بەرگریکردنە لە گەلەکەیان".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد تڕەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدا لەگەڵ ھەریەک لە مەزڵوم کۆبانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و باسیان لە دۆخی سوریا و دانوستاندن کرد.