سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بەرپرسن تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەی بێلایەن ئەنجام دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-10-17

27145 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نەوێ لەسەر دۆسیەی کوژرانی پێشکەشکاری دیاری ئێن ئاڕ تی ئامانج بابانی و ژن و منداڵەکەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەوەی ڕووی داوە یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لێی بەرپرسن تا ئەو ساتەی جیهەتی بێلایەن لێکۆڵینەوەی ورد دەکات (دوو لە دەستی حیزب و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی)."

سەرۆکی جوڵانەوەکە دەڵێت، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی مەرگتان شۆکی کردووم و مرۆڤ نازانێت چی بڵێت و هیچ وشەیەکم نییە کە گوزارشت لە ناخم بکات."

شاسوار عەبدولواحید ڕاشیگەیاند، "تا ئێستا چاوەڕوان بووین و بەردەوام ماوەی چەند کاتژمێرێکە خەریکی بەدواداچوونین بۆ ئەم بابەتە، بەڵام ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بڵاویان کردووەتەوە لە ئێستادا ئەوپەڕی بێڕێزیە بەرامبەر بەو ئەزیزانە و بەرامبەر بەو خوێنەی کە بە ناحەق ڕژاوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێدا هاتووە، "هەموو ئەم بڵاوکردنەوانەی دەزگا ئەمنییەکان هێندەی تر گومان دروست دەکەن و وامان لێ دەکەن بە گومانی زیاترەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین."

دەشڵێت، "هێشتا زوو بووە بۆ دەزگا ئەمنییەکان و بۆ ئەو ڕوونکردنەوە شپرزانە، بەبێ ئەوەی تەحقیق تەواو بووبێت و تەنانەت بەبێ ئەوەی شیکاری بۆ تەرمەکان کرابێت."

سەرۆکی جووڵانەوەکە ڕاشیدەگەیەنێت "کۆمەڵێک گومانی زۆرمان کۆکردووەتەوە تایبەت بەو بابەتە و کەناڵی ئێن ئاڕ تی و تیمی پارێزەرانمان و دۆستان و خۆشەویستان خەریکی لێکۆڵینەوەی جیاوازترن لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی."