سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2019-10-14

4121 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە لە وڵاتی لوکسەمبۆرگ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری سەپاندنی سزا و ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە تورکیا، لەبەرامبەر ھێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ماڵپەڕی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ھۆشداریداوە لەوەی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، قەیرانێکی مرۆیی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە.

راشیگەیاندووە، فەڕەنسا پێشبینی چەند داواکاریەک دەکات بۆ کۆتایھێنان بە ھێرشەکە و پێویستە ھەڵوێستێکی توند لەبارەی ھەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا نیشان بدرێت.

یەکێتی ئەوروپا داوا لە ٢٨ وڵاتە ئەندامەکەی دەکات، بڕیار بدەن چەک بە تورکیا نەفرۆشن، ھەروەھا ئیدانەی ھێرشەکەی تورکیا دەکات و بە ھۆکاری ئاڵۆزبوونی ئاسایشی ناوچەکەی دەزانێت.

یەکێتییەکە داواش دەکات کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بکرێت دەربارەی چەکدارانی داعش، ھێرشەکەی تورکیاش بە ھەڕەشە لەسەر چارەسەری سیاسیی کێشەی سوریا دادەنێت.

وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و سوید و فینلەندا و ھۆڵەنداش سەرباری ئیدانەکردنی ھێرشەکەی تورکیا، ھەناردەکردنی چەکیان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت.