سەردێڕ:

یەکێتیى ئەوروپا: نزیکبوونەوەى کوردەکانمان لە حکومەتى دیمەشق پێخۆش نییە

فۆتۆ: 
2019-10-14

11954 جار خوێندراوەتەوە

فیدیریکا موگیرینى کۆمسیارى باڵاى ئەوروپا بۆ کاروبارى دەرەوە ڕایگەیاند، یەکێتیى ئەوروپا بە نزیکبوونەوەى هێزە کوردییەکان لە دەسەڵاتى دیمەشق خۆشحاڵ نییە و، پێشتر تورکیایان لەوە ئاگادارکردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە موگیرینى لە پاش کۆبوونەوەى ئەنجومەنى یەکێتیى ئەوروپا بۆ کاروبارى دەرەوە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکانى هەواڵ وتى، "یەکێتیى ئەوروپا واز لە هاوکاریکردنى کوردەکان ناهێنێت، ئێمە ئەوەمان بە تورکیا ڕاگەیاندووە و، هەڵوێستیشمان لەو بارەیەوە نەگۆڕە."

 

ئەو کۆمسیارە وتیشى، "یەکێک لەو ئەگەرانەى کە ئێمە پێش هێرشەکەى تورکیا هۆشداریمان لەبارەوە دابوو، ناچارکردنى کوردەکان بوو بە نزیکبوونەوە لە دیمەشق و ڕووسیا، کە ئێمە حەزی  پێناکەین."

ئەم وتانەى کۆمسیارى باڵاى یەکێتیى ئەوروپا لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە دەسەڵاتى خۆسەرى لە باکورى سوریا ڕێککەوتنى لەگەڵ سوپاى سوریا بۆ پاراستنى سنورەکانى ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو، بەپێى ڕێککەوتنەکەش، سوپاى سوریا بە درێژایى سنورى ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا بڵاوەى پێکرا و ئەرکى پاراستنى ناوچەکەیان پێ سپێردرا.