سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری قوبرسی تورکی دژایەتی بۆ هێرشەکانی تورکیا ڕاگەیاند

مستەفا ئاکنجی سەرۆک کۆماری قوبرسی تورکی، ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: 
2019-10-13

6260 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا ئاکنجی، سەرۆک کۆماری قوبرسی تورکی باکور لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دژایەتی خۆی بۆ ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و، بە "کانی خوێن" ناوی برد، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەردۆغان ھێرشەکەی ناوناوە "کانی ئاشتی".

مستەفا ئاکنجی ئەوەشی وتووە، ھەروەک لە کاتی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ باکوری دورگەی قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤، ئەگەر وتبێتیان ئۆپەراسیۆنی ئاشتیی، بەڵام دەرەنجام ھەر جەنگ بووە ‌و، ئەوەی رژاوە ھەرخوێن بووە، ئەمڕۆش ئەگەر بڵێن ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتیی، بەڵام دیسان جەنگە ‌و ئەوەی دەڕژێت خوێنە، نەک ئاو. 

سەرۆک کۆماری قوبرسی تورکی باکور دەشڵێت، گەورەترین ھیوای ئەوەیە بە ‌زووترین کات دیالۆگ و دیبلۆماسییەت کارا بکرێت.

لەبەرامبەریشدا فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، رەخنەی تووندی لەقسەکانی سەرۆکی قوبرسی باکور گرت و رایگەیاند، ئامانجی ھێرشەکانی  سوپای وڵاتەکەی بەھەمان شێوەی ھێرشەکەی ساڵی ١٩٧٤ بۆ سەر دورگەی قوبرس، گەڕاندنەوەی "ئارامیی و سەقامگیرییە"‌ بۆ ناوچەکە.

ساڵی ١٩٧٤ لە دوو ئۆپراسیۆندا سوپای تورکیا نزیکەی لە سەدا ٣٧ی دورگەی قوبرسی داگیرکرد و، پاش راگەیاندنی ئاگربەستیش، ١٥٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی قوبرس کە بەرەگەز یۆنانی بوون رەوانەی باشوری دورگەکە، واتە بەشە یۆنانیەکەی کرانەوە، ساڵێک دواتریش ٦٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی تورکیی لە قوبرس لە باشورەوە بۆ باکوری دورگەکە راگوێزران.