سەردێڕ:

ترەمپ: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا

فۆتۆ: 
2019-10-13

7256 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین تویتدا وەکو وەڵامێک بۆ سیناتۆری کۆمارییەکان (لیندزی گراهام)، کە هەوڵێکی زۆریدابوو بۆ درووستکردنی کۆدەنگی لە کۆنگرێس، بەمەبەستی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تورکیادا، ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەی ئامادەی سەپاندنی سزایە بەسەر تورکیادا.

لە تویتەکەی ترەمپ ئەوەش خراوەتەڕوو، "تورکیا داوای کردووە سزای نەدەین، بەڵام وادیارە کۆدەنگییەکی زۆرمان هەیە بۆ سزادان".

لە تویتێکی دیکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، "بیرتانە دوو ساڵ لەمەوبەر عێراق شەڕی بوو لەگەڵ کوردەکان؟ زۆر کەس هەبوون دەیانویست ئێمە پشتی کوردەکان بگرین و لە دژی عێراق شەڕ بکەین، ئێمەش ڕەتمان کردەوە، بەڵام کوردەکان دوو جار شەڕەکەیان جێهێشت و نەیانکرد، ئێستاش هەمان شت بۆ تورکیا ڕاستە".

ئەوەشی وتووە، "کوردەکان و تورکیا ساڵانێکی دوور و درێژە شەڕیانە، لێگەڕێن خۆیان ئەم شەڕە بێکۆتایە بکەن و ئێمەش لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین".

ئەم تویتانەی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی هێرشە سەربازییەکەی تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ٩ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس شەهید و بریندار بوون، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.