سەردێڕ:

لە شار و شارۆچکەکانى هەرێم گردبوونەوە وخۆپیشاندان دژی هێرشەكانی توركیا بەردەوامە

هەرێمى کوردستان و رۆژئاوا
فۆتۆ: 
2019-10-13

2665 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێمى كوردستان دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو.

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكی توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتى سوریا، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی ئەو هێرشانە بەڕێوەدەچێت و، لەو میانەیەشدا ئەمڕۆ لە كەلار گردبوونەوە وخۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لە كۆلێژی پەروەردەی شارەزووریش مامۆستایان و خویندكارانی ئەو كۆلێژە گردبوونەوە و، ئەو هێرشانەیان ئیدانەكرد و داوایان لە بەرپرسانی ناوچەكە كرد بەر بەو هێرشانە بگرن.

شان بە شانی خۆپیشاندانە نێوخۆییەكانی هەرێمى كوردستان، ڕەوەندی كوردی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بەردەوام دێنە سەر شەقام و داوای هەڵوێست لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن.

دوێنێ ١٢ی تشرینی یەكەم كوردانی دانیشتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەبەردەم كۆشكی سپی خۆپیشاندانیان كرد و، داوای ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیایان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كرد، جگە لە ئەمریکا، لە هەریەکە لە فەڕەنسا و یۆنانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو