سەردێڕ:

کۆمکاری عەرەبی بەیاننامەیەکی ١١ خاڵیی دەرکرد

هۆڵی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیی لە قاهیرە، میسر.
فۆتۆ: 
2019-10-12

14024 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان ئیدانەی ھێرشەکانی تورکیایان کرد و، بە "دوژمنکارانە" ناویان برد، هاوکات بەیاننامەیەکی ١١ خاڵیان وەکو ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەرکرد.

لەو بەیاننامە ١١ خاڵییەدا کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکانەوە دەرچووە، ھاتووە " پێداچوونەوە بە بوارەکانی سیاسیی، ئابوریی و گەشتیاریی "، لەگەڵ تورکیادا دەکەن.

ئاماژەیان بەوەشداوە، "دەبێت ڕێز لە سەروەریی سوریا و بڕیاری (٢٢٥٤)ی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت، کە جەخت لەسەر کۆتایھێنان بە قەیرانی سوریا دەکاتەوە".

لەبەیاننامەکەی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا ھاتووە:

- تورکیا دەبێت دەستبەجێ ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.

- داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ھەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری سوریا بگرێتەبەر.

- سوریا وڵاتێکی عەرەبییە و بەزاندنی سنوورەکەی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە ھەرگیز جێگەی قبوڵ نییە. 

- دەبێت ڕێگا لە گۆڕینی دیموگرافیای باکوری سوریا بگیرێت.

- گەڕانەوەی چالاکیی ھەر گروپێکی تیرۆریستی بۆ ناوچەکانی سوریا لە ئەستۆی تورکیادایە.

- ئامادەکاریی بۆ سەردانێکی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی سوریا دەکرێت.

- بەزاندنی سنوور و لەشکرکێشی تورکیا دەخرێتە ئەجێندای کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیی بە شێوەیەکی ھەمیشەیی.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەکاتێکدایە، ماوەی چوار ڕۆژە ھێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و، ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوا بەرگرییەکی سەخت دەکەن و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش بەھۆی تۆپبارانەکانەوە ئاوارەبوون.