سەردێڕ:

ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى: ئیدانەى دەست تێوەردانى دەرەکى لە سوریا دەکەین

فۆتۆ: 
2019-10-12

3531 جار خوێندراوەتەوە

 کۆمکارى عەرەبى لە بارەى دۆخى سوریا کۆبووەوە و ژمارەیەک لە وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى ئیدانەى هێرشەکانى تورکیایان کرد.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

کۆمکاری عەرەبی دوای کۆبوونەوەکەی، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارانەکەی تورکیا.

هەر لەکۆبوونەوەکەی کۆمکاری عەرەبی وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە داواکارییەکی فەرمی بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی پێشکەش دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئیمارات لەسەر زاری ئەنوەر قەرقاش وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، داوایکردووە "هێزە بیانییەکان" بچنە دەرەوە لە سوریا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیمارات هەموو هەوڵێک دەدات تاکو چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ دۆخی سوریا بەشێوەیەکی ئاشتیانە.

ماوەی چوار ڕۆژە هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا چەندین شەهید و بریندار هەیە لەهاوڵاتی سیڤیل و شەڕڤان.