سەردێڕ:

هندستان.. لە ڤیستیڤاڵی "شەڕە کوتەک" دا زیاد لە ١٠٠ کەس برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-10-12

2778 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی "نیو ئەندریان ئێکسپرێس"ی ناوخۆی هیند بڵاویکردەوە، لە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی کوتەک لە هندستان زیاد لە ١٠٠ کەس برینداربوون کە ٢٠ کەسیان بارودۆخیان ناجێگیرە.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە ڤیستیڤاڵی "بانی" لە ویلایەتی "ئەندرا برادیش" لە هندستان ئەنجام دەدرێت و  پێش ڕۆژێک لە کۆتایی هاتنی چالاکیەکانی "دۆسیرا"ڕێکدەخڕێت، ئەویش ڤیستیڤاڵێکی هندیە و نۆ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

وەک لە چەند ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە ئاهەنگ گێڕان شەڕدەکەن و داری درێژیان پێیە، لە کاتێکدا ئاگر لە چەند ناوچەیەک هەڵگیرساوە.

ڤیستیڤاڵی "بانی"بۆ ڕێزگرتن لە پەرستگای "مالا مالیسوارا سوامی"ڕێکدەخرێت، کە دانیشتووانی دێێ"نیرانیکی"خاوەنین و بەڕێوەی دەبەن.

لەم ئاهەنگەدا خەڵک خۆیان دەکەنە چەند کۆمەڵەیەک و دواتر دەست دەکەنە شەڕکردن بە بەکارهێنانی داری درێژ و ئەستوور.

بەشداربووان پێیان وایە گروپی سەرکەوتوو"دەوڵەمەندی و دڵخۆشی"دێنن بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون.

ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە ٣٠٠ هەزار کەس زۆربەیان گەنجن ئەمساڵ لەم ڤیستیڤاڵە بەشدارن.

پێشتریش ڤیستیڤاڵی "بانی" کوژرانی چەند کەسێکی لێ کەوتووەتەوە، ئەمەش وایکرد چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوای هەڵوەشانەوەی ئەم ڤیستیڤاڵە بکەن لەبەر ئەو ناوبانگە خراپەی هەیەتی.