سەردێڕ:

زریانێکی بەهێز ڕوو لە ژاپۆن دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-12

2390 جار خوێندراوەتەوە

زریانێکی بەهێز ڕوو لە وڵاتی ژاپۆن دەکات کە بارانێکی بەلێزمە و بایەکی بەهێزی لەگەڵدایە، بەجۆرێک لە ٦٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.

دەزگای کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاند، زریانەکە خێرایی باکەی ١٨٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و هێشتا لە دەریادایە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی تۆکیۆ دەچێت و پێدەچێت ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو و داڕمانی زەوی.

بەهۆی زریانەکەوە کە هێشتا ناوچەکانی ژاپۆنی بەتەواوی نەگرتووەتەوە، تا ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە، داواش دەکرێت ملیۆنێک کەس لە وڵاتەکەدا لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە دەکەونە ژێر کاریگەری زریانەکەوە.

هەر بەهۆی زریانەکەوە کارەبای دەیان هەزار ماڵ پچڕاوە و دوکان و کارگە و وێستگەکانی شەمەندەفەر داخراون و چاوەڕوان دەکرێت یاریەکانی جامی جیهانی ڕەگبی و فۆرمولا وەن گراند پریکس دوابخرێن، هاوکات هاوڵاتییان ئازووقەیان کۆکردووەتەوە.

شارەزایانی بواری کەشناسی وتوویانە، زریانەکە کە ناوی نراوە زریانی (هاگیبیس) بەهێزترین زریانە کە لە ساڵی ١٩٥٨ دوچاری وڵاتەکە بووە کە بەهۆیەوە هەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێنبوون.